لەم ڕۆژانەدا کاتێک بۆ یادکردنەوە بە بۆنەی دەستکەوتەکانی ژنان کۆدەبینەوە، رێبازی سەرۆک مام جەلالمان لەبیرە، کە پێیوابوو “ئازادی و یەکسانی مافی هەموو مرۆڤێکە، ژنیش بەشێکی دانەبڕاوە لەو مافە”. سەرۆک مام جەلال داکۆکیکارێکی دیارو گەورە بوو لە مافەکانی ژنان، کاری بۆ زیاتر بەشداریکردنیانی دەکرد لە ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا.
لە سەردەمی ئەزموونی هەرێمی کوردستان ، پێش ڕووخانی رژێمی بەعس،
چەند دەستپێشخەری یاسایی لەسەر فرەژنی و کوشتنی شەرەف پێشکەشکردو ئەم ئامانجە بەرز و پێشکەوتنخوازانەی کە لە سروشتی ناوازەی کۆمەڵگاوە سەرچاوە دەگرێت، لەلایەن بیروڕای گشتی و ڕێکخراوەکانی ژنان و مافی مرۆڤ و کەسایەتییە ئایینییە ڕۆشنگەرەکانەوە پاڵپشتی کرا.
مام جەلال باوەڕی بە بەهێزکردنی ژنان لە کایەی سیاسی و کاروباری گشتی و ئەکادیمیدا هەبوو. ئەزمونی دیموکراسی لە سەردەمی دەسەڵاتەکەیدا لە کۆتاییەکانی نەوەدەکاندا شاهیدی سەرهەڵدانی ژنە وەزیر و دادوەر و چالاکوانی گشتی بوو لە سلێمانی و هەرێمی کوردستان بە گشتی. ئەم ڕۆڵە لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس بەهێزتر بوو، ئەمەش لە بڕگە دەستوورییەکان و پشکی ژناندا ڕەنگ دەداتەوە. مام جەلال یەکێک بوو لە باوکانی دامەزرێنەری دیموکراسی عێراق و ئەزموونی سیاسی نوێ لە عێراقدا و هەمیشە پێی وابوو کە بەهێزکردنی ژنان بناغەی بنیاتنانی کۆمەڵگایەکی دیموکراسی و سەقامگیرە.
بەهێزکردنی ژنان لە کەرکوک:
کەرکوک نموونەیەکی زیندووی فرەچەشنی فەرهەنگی و نەتەوەییە، کە کورد و عەرەب و تورکمان و نەتەوەکانی دیکە شان بە شانی یەکتر پێکەوە دەژین. لەم ڕوانگەیەوە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان گرنگییەکی تایبەت بە بەهێزکردنی ژنان لە کەرکوک دەدات، بەبێ گوێدانە نەتەوە و ئایین. نوخبەی یەکێتی لە کەرکوک پێویستە ڕێبازی سەرۆک مام جەلال پەیڕەو بکەن بۆ بەهێزکردنی ژنان و فراوانکردنی دەرفەتەکانیان بۆ بەشداری سیاسی، بەگوێرەی دیدگایەک کە هەمیشە باوەڕی پێی هەبووە: لایەنداری ئەرێنی، واتە لایەنگری ژنان، بۆ ئەوەی دادپەروەری ئینتقالی بەدیبهێنێت و قەرەبووی رابردووی نەبوونی ژنان لە بوارەکانی ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا بکاتەوە.
ڕۆڵی ژن لە سیاسەتدا:
بەشداری ژنان لە ژیانی سیاسیدا هەنگاوێکی جەوهەرییە بۆ گەیشتن بە دادپەروەری و یەکسانی. ژنانی کەرکوک توانای خۆیان سەلماندووە بۆ کاریگەری لەسەر بڕیاردان و بەشداریکردن لە بنیاتنانی کۆمەڵگایەکی باشتر. پێویستە پشتگیری لە دەستپێشخەرییەکانی ژنان بکرێت نەک تەنها ژنانی یەک نەتەوە.
نیگەرانییەکانی ژنانی کەرکووک هاوبەشن، ئازارەکانیان بەردەوامە. پێویستە پشتیوانیان بکەین، پێویستە بەرەیەکی یەکسانی فراوانیش چالاک بکرێت.
پێکەوە ژیانی ئاشتیانە لە کەرکوک:
پێکەوەژیانی ئاشتیانە لەنێوان پێکهاتە هەمەچەشنەکانی کەرکوک، هەوێنی سەقامگیری و خۆشگوزەرانی شارەکەیە. بە برەودان بە دیالۆگ و ڕێزگرتنی یەکتر دەتوانین کۆمەڵگەیەکی ئاشتی و دادپەروەری بنیات بنێین. بەهێزکردنی ژنان لە کەرکوک بە واتای بەهێزکردن و بەرزکردنەوەی تەواوی پێکهاتە و سەقامگیری و خۆشگوزەرانی شارەکە .
ئەنجام:
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پابەندە بە درێژەدان بە کارەکانی بۆ بەهێزکردنی ژنان و پێشخستنی پێکەوەژیانی ئاشتیانە لە کەرکوک. ئێمە پێمان وایە لە ڕێگەی هاوکاری هاوبەش و ڕێزگرتنی یەکتر و پابەندبوون بە بەهاکانی دادپەروەری و یەکسانی دەتوانین داهاتوویەکی باشتر بۆ هەموو خەڵکی کەرکوک بنیات بنێین